
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە ئێریك شوڤالییێ، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و ئۆلیڤییە دێکۆتینی، كونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان.
لە دیدارێکدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و دکتۆر سۆران جەمال تاھیر، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان و دابان شەدەڵە، ئەندامی سەرکردایەتی ئامادەبوون، دۆخی سیاسی گشتی لەسەر ئاستی عێراق، ھەرێم و ناوچەکە و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق و ئاستەنگەکانی بەردەم یەکڕیزی ماڵی کورد تاوتوێکرا و بۆچوونیان لەبارەوە خرایەڕوو.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی یەکڕیزی ماڵی کورد و یەک گوتاری سیاسی لە بەغدا روونیکردەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لە سەرەتاوە پەرۆشی یەکخستنی ریزەکانی کورد بوو, ھەموو ھەنگاوێکمان بۆ ئەوە بوو بە یەک تیم لەگەڵ بەغدا و ھێزە سیاسییە عێراقییەکان گفتوگۆ بکەین و بە یەک وەرەقەی سیاسی کوردستانیی و نیشتمانیی بچینە گفتوگۆکانەوە و ھەر ئەوەشمان کرد، بەڵام بە داخەوە دواتر ئەم نییەتە تێکدرا و لە دەرەوەی ئیرادە و بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد ئەو یەکڕیزییە لە باربرا!
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی قۆناغی ئێستای سیاسی و گفتوگۆکان و ھەنگاوەکان روونکردنەوەی زیاتری دا بە وەفدی میوان و پێی راگەیاندن دەرفەت ماوە تاوەکو لەسەر بنەمای تەوافق و شەراکەتی ھاوبەش و نیشتمانیی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا پێکبھێنرێت، کە ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی، ئاوەدانی و سەقامگیری سیاسی نەک لێکترازان و دۆخی وڵات بەرەوە ئایندەیەکی نادیار و ئاڵۆزتر ببات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد یەکێتی پەرۆشی پاراستنی ئەو کلتووری پێکەوەژیان و تەوافقییەیە کە سەرۆک مام جەلال بەردی بناغەکەی داناوە و دەمانەوێت نەبینە ھۆکار بۆ تێکدانی ماڵی کورد و ھێزە شیعییەکان و سونەکانیش، بۆ ئەو مەبەستەش لە ھەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ پاراستنی ئەو پێکەوەژیانە کە لە پێشینەی کارەکانمانە.مەترسی جموجۆڵەکانی داعش و ھەماھەنگی و ھاریکاری نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە، ھێزە عێراقییەکان و راوێژکارانی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بە وردی گفتوگۆی لەسەرکرا و جەختکرایەوە لە فراوانکردنی ھەماھەنگییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی لە وڵات.



