
بڕیارە لە رۆژانی 14 و 15-2 كۆبونەوەكانی گفتوگۆی راپۆرتی دووەمی كۆماری عیراق تایبەت بە پەیماننامەی عەرەبی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە بارەگای كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە بە بەشداری شاندێكی هەردوو حكومەتی فیدراڵی و هەرێم ئەنجام بدرێت.
بەپێی زانیارییە بڵاوكراوەكان، لەو گفتوگۆیانەدا شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی شاندی كۆماری عیراقدا بەشدار دەبێت بۆ خستنە رووی هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕووی پابەندبوون بە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و ئەو پێشكەوتنانەی لەماوەی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان بەدیهاتون و وەڵامدانەوەی ئەو راسپاردانەی ئاڕاستەی عیراق و هەرێمی كوردستان دەكرێن.
لەوبارەیشەوە دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم رایگەیاندوە: لە ساڵانی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم لە چوارچێوەی شاندی كۆماری عیراق و لە میانەی ئەندامبونی لە لیژنەی نیشتمانیی نوسینەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەو رێكەوتننامانەی كە عیراق تێیاندا ئەندامەو پەیوەستن بە مافی مرۆڤەوە، بەشدار بوە لە گفتوگۆكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و وڵاتانی عەرەبیدا.
سەبارەت بە گرنگی بەشداریی هەرێم لە گفتوگۆی راپۆرتی عیراق تایبەت بە پەیماننامەی عەرەبی بۆ مافەكانی مرۆڤی سەر بە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە كردوە، بەشداریی هەرێم گرنگیی خۆی هەیە لەڕووی نیشاندانی پابەندبونەكانی حكوومەتی هەرێم بە پرەنسیپەكانی پەیماننامەی عەرەبی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ، چونكە حكومەتی هەرێم هەنگاوی زۆری ناوە لەو رووەوە، لەوانەش پلانی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ كە بە پاڵپشتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە كراوە بە بەشداریی گشت دامودەزگاكانی هەرێم و ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتوەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی.


