بەهۆی ئەوەی كوڕی سەرۆكی دادگای تاوانی دووی هەولێر توشی رووداوی هاتوچۆ بووە، دادگایی كردنی بێریڤان ئەیوب ژنە چالاكوانەكەی بادیدنان دواخرا.
بەشدار حەسەن پارێزەری زیندانیانی بادینان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی، ئەمڕۆ بڕیاربوو كە بێریڤان ئەیوب ژنە چالاكوانی بادینان كە زیاتر لە 16 مانگە لە زیندانە دادگایی بكرێت، چاوەڕوان بوون ئەمڕۆ كە رۆژی خۆشەویستییە دوای 16 مانگ ئەو خاتوونە بە منداڵەكانی شاد بێتەوە و ئازاد بكرێت كە خاوەنی پێنج منداڵە، بەڵام بەداخەوە دادگاییەكە دواخرا.
ئەو پارێزەرە باسی لەوەكرد، سەرۆكی دادگای تاوانی دوو پەیوەندییەكی تەلەفۆنی بۆ هات و پێیان وت كە كوڕەكەی توشی رووداوی هاتوچۆ بووە، بۆیە دادگای جێهێشت و رۆشت.
پارێزەری زیندانیانی بادینان لە بەشێكی تری قسەكانیدا رونیكردەوە، دادگاییەكە بۆ 28ی 2ی 2022 دواخرا و هیوادارن ئەوكات دۆسییەكە یەكلاییی بێتەوە.