
لە شاری هەولێر ژنێك رەنگی قژ و چاوی خۆی دەگۆڕێت و دزی لە ژمارەیەك زێڕنگەر دەكات، دواتر لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیر دەكرێت.
لەو بارەیەوە هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر باسی لەوە كردووە، ماوەیەك بەر لە ئێستا چەند زێڕنگەرێك لەنێو شاری هەولێر ئاگاداریان كردنەوە كە زێڕیان لێدزراوە، دواتر هێزەكانیان بەدواداچوونیان كرد و دیاربوو لە عەنكاوە چەند جارێك دزی كردبوو و لەنێو شاری هەولێریش جارێك دزی لە زێڕنگرێك كردبوو.
وتوشیەتی، هێزەكانیان دوای بەدواداچوونی ورد دەركەوت كە ئافرەتێك ئەو كارە دەكات و چەند جارێك شێوازی خۆی و رەنگی قژ و چاوی گۆڕیوە، دواتر شوێنی ماڵی ئافرەتەكەیان دۆزیوەتەوە و دەستگیریان كرد.
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر هێمای بۆ ئەوەش كردووە، لە ماوەی كەمتر لە مانگێك ئەو كارەی كردووە و ژنەكەش عەرەبە و خەڵكی سوریایە و ماوەیەكە بۆ سەردان هاتووەتە هەولێر، تەمەنی 21 ساڵە و كەسوكارەكەی لە سوریایە، لە شەش شوێن دزی كردووە و جارێ نازانن كە بڕی زێڕەكە چەندە.
