
بەیدا خزر بڕیاردەری پەرلەمانی عیراق ئاشكرای كرد، 60 كەس خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عیراق كاندید كردووە و دوای یەكلاییكردنەوەی ناوەكان وادەی كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان دیاری دەكرێت.
بەیدا خزر بە ئاژانسی فەرمیی عیراقییەی وتووە، كاتێك بۆ یەكەمجار دەرگای خۆكاندیدكردن كرایەوە، 24 كەس خۆیان كاندید كرد، پاش ئەوەی بۆ جاری دووەم كرایەوە و لە ماوەی سێ رۆژدا ژمارەی كاندیدەكان گەیشتنە 60 كەس.
هێمای بۆ ئەوەش كردووە، پرۆسەی وردبینی بۆ كاندیدەكان لەلایەن لیژنەی یاسایی پەرلەمانەوە دەكرێت، پاشان لیژنەیەكی تری تایبەتمەند دروست دەكرێت بۆ پێداچوونەوە بە ناوەكان، دواتر دەنێردرێن بۆ دەستەی دەسپاكی و لەوێوە بۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەری.
سەبارەت بە كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی عیراق ئاماژەی بەوەداوە، تاوەكو ئێستا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق وادەی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری دیاری نەكردووە.

