
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا، دۆخی عیراق و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی تاوتوێ دەكەن
ماتیو تولەر باڵیۆزی ئەمریكاو شاندێكی یاوەری سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان لە شاری هەولێر كردوو پێكەوە كۆبونەوە.
بەپێی راگەیەنراوێك، لەو كۆبونەوەیەدا دوایین پەرەسەندنەكانی دۆخی سیاسی عیراق بەتایبەتیش دوای بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی دەربارەی كەرتی نەوت و گاز لەهەرێمی كوردستان تاوتوێكراوە، لەوبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی دوپاتیكردۆتەوە ئەم قۆناغەی عیراقی پێدا دەگوزەرێت وا دەخوازێت دادگای فیدرالی و هەموو لایەنە عیراقییەكانیش بەدوای چارەسەركردنی كێشەكاندا بگەڕێن، پابەندی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكومەتی فیدرالی لەسەر بنەمای دەستور نیشانداوەو دوپاتیكردۆتەوە كە ئەم جۆرە هەنگاوانە خزمەتی سەقامگیری لە وڵات ناكەن، بۆیە هەموان دەبێ بۆ چارەسەری و پاراستنی سەقامگیری كار بكەن.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، لەبەشێكی تری كۆبونەوەكەدا باس لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان كراوەو تیایدا نێچیرڤان بارزانی جەختی كردۆتەوە كە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان كاردەكات و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لەپەیوەندیدایە بۆئەوەی هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێن.
