
دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دژی كەرتی نەوت و غازی هەرێم، حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایی دەداتە كۆمپانیا نەوتییەكان كە پابەندە بە رێككەوتن و گرێبەستەكان.
جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەداوە، كۆمپانیا نەوتییەكان دڵنیادەكەنەوە كە پابەندین بەرێككەوتنەكانیان بەرانبەریان و گومان لە هیچ رەفتار و بڕیارێكی خۆیان ناكەن لە كەرتی نەوتدا، ئەو بڕیارانەی داویانە دەستوری و یاسایین و ئێستاش لەگەڵ بەغدا بەردەوامن لە گفتوگۆ.
باسی لەوەش كردووە، ئامادەبوون بەهای 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتە فیدراڵییەكان رادەستی بەغدا بكەن، دواتر چاودێری دارایی هاتە هەرێم و وردبینی كرد لەو بارەیەوە، بەڵام بڕیارەكەی ئێستا هەموو ئەو هەوڵانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە و كۆسپ لەبەردەم هەردوو حكومەت دروستدەكات.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە بەشێكی تری قسەكانیدا هێمای بۆ ئەوە كردووە، پابەندن بە رێككەوتنەكانیان لەگەڵ بەغدا و هەموو رێكارە دەستوریی و یاساییەكان دەگرنەبەر بۆ بەرگریكردن لە مافە دەستورییەكان و پاراستنی رێككەوتنەكان و گرێبەستەكان لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان.

