
دادگای ئەمریكا كەسێكی دەستگیر كرد كە لە ساڵی 2015 لەگەڵ ژمارەیەك سەربازی كورد كەسێكیان رفاندووە و ئەشكەنجەیان داوە، كەسەكەش فەرمانبەرێك بووە لە كارگەیەكی دروست كردنی چەك و لە كارەكە ناڕازی بووە.
وەزارەتی دادی ئەمریكا بڵاویكردووەتەوە، كەسێكیان بەناوی “رۆس رۆگیۆ” تەمەن 53 ساڵ دەستگیر كردووە، كە لە ساڵی 2015 كەسێكی لە هەرێمی كوردستان ئەشكەنجەداوە.
ئەوەش هاتووە، رۆس كە سەرپەرشتی پرۆژەیەكی دروست كردنی چەكی كردووە لە هەرێمی كوردستان و یەكێك لە كارمەندەكان نیگەرانی خۆی لە پرۆژەكە دەربڕیوە، بەڵام رۆس بە هاوكاری ژمارەیەك سەربازی كورد كارمەندەكەیان رفاندووە.
لە وردەكاریەكانی رووداوەكە هاتووە، ئەو كارمەندە 39 رۆژ لە شوێنێكی سەربازی كورد دەستبەسەر بووە و چەندین جۆر ئەشكەنجە دراوە، كیسی نایلۆنیان كردووەتە سەر و هەناسەیان لێبڕیوە، هەروەها كارەبایان داوە لە چەند شوێنێكی و بە سۆندە لێیان داوە و چوونەتە سەر سنگی، هەروەها هەڕەشەی بڕینەوەی پەنجەیەكیان لێ كردووە، تەنانەن پشتێن لە ملی ئاڵێندراوە و راكێشراوە تاوەكو لە هۆش خۆی چووە.

