
مشعان جبوری ئەندامی پەرلەمانی عیراق باس لەوە دەكات، دابەزاندنەوەی نرخی دۆلار حكومەت دەخاتە دۆخێكی نەخوازراوەوە و چیتر ناتوانێت موچەی فەرمانبەران دابەش بكات.
مشعان جبوری لە تویتێكیدا نوسیویەتی، دابەزاندنی نرخی دۆلار ساڵانە 10 ملیار دۆلار لەسەر حكومەت دەكەوێت، ئەگەر نرخی نەوت داببەزێت بۆ 60 دۆلار ناتوانێت موچە دابەش بكات و پارە بۆ پرۆژە ستراتیژییەكانیش دابین بكات.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، پێویستە هەوڵەكان چڕبكرێتەوە بۆ پشتگیریكردنی چینی هەژار و دابەزاندنی نرخی پێداویستی و كەلوپەلە پێویستەكان.
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە ماوەی رابردودا داوای كرد بە پەلە كاریگەرییەكانی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار وەك گرانبوونی كاڵا و پێداویستیەكانی رۆژانەی هاوڵاتیان چارەسەر بكرێت و وەزیری دارایی و پارێزگاری بانكی ناوەندی بانگهێشتی پەرلەمان بكرێن، بەڵام ئەو دوو لایەنەش دووبارە دابەزاندنەوەی نرخی دۆلار رەتدەكەنەوە.
