
ژووری بازرگانی سلێمانی ئاشكرای كرد، وڵاتی ئۆكرانیا پەیوەندییەكی زۆری بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عیراق هەیە و بەهۆی جەنگ لەو وڵاتە لەئێستادا كارە بازرگانیەكان بە تەواوی راگیراون.
پێشەوا سیروان بازرگان لە شاری سلێمانی بە ماڵپەڕی ژووری بازرگانی سلێمانی وتووە، كاری بازرگانییان لەگەڵ وڵاتی ئۆكراینا بەتەواوی راوەستاوە، بەهۆی راگەیاندنی باری نائاسایی لەو وڵاتە و راوەستانی كاری تەواوی كارگەكان و بەرهەمهێنەرەكانی ئەو وڵاتە، ئەمەش زیانی گەورە بەكاری بازرگانی ئێمە دەگەیەنێت.
وتوشیەتی، بەرهەمی ئۆكراینا كە هەناردەی ئێرە دەكرا زۆر جۆر لەخۆ دەگرێت وەك “خواردن، شەربەت، شیرەمەنی، ئەندۆمی، پاكەرەوە، خەڵوز و زۆر بەرهەمی دیكە” بەڵام ئێستا هەموو ئەم بەرهەمانە هاوردە ناكرێت و رێگاكان بە تەواوی داخراون، ئەمەش دەبێتە زەرەرو زیانێكی زۆرە بۆ كاری بازرگانان.
ئەو بازرگانە هێمای بۆ ئەوەش كردووە، لەئێستادا بازرگانان لە هەوڵی ئەوەدان شوێنگرەوەی بەرهەمە ئۆكرایناكان بدۆزنە بەتایبەت لە ووڵاتانی دراوسێی وەك ئێران و توركیا بۆ ئەوەی بتوانن ئەو زەرەرەی كردویانە لەوە زیاترنەبێت.


