
نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرای كرد، بەهۆی شەڕی داگیر كردنی ئۆكرانیا لەلایەن روسیا، تاوەكو ئێستا 100 هەزار ئۆكرانی ئاوارە بوون و داواش دەكات هاوكاری بۆ خەڵكی ئەو وڵاتە كۆبكرێتەوە.
لای خۆیەوە مارتن گریفیس رێكخەری هاریكاری دۆخە لەناكاوەكان لە نەتەوە یەكگرتووەكان بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە، بەتەواوی نیگەرانن لە بەردەوامی ئاڵۆزییەكانی ئۆكرانیا و كاریگەرییەكانی لەسەر خەڵكی مەدەنی، دۆخەكە بێسەروبەرەییە و بە دیاری كراوی دیار نییە كە چەند كەس ئاوارەبوون.
وتوشیەتی، بەڵام ئامارە سەرەتاییەكان ئاماژە بەوەدەكەن تاوەكو ئێستا 100 هەزار كەس بەهۆی هێرشی روسیاوە ئاوارە بوون، پێشبینی دەكەن 1 ملیۆن و 800 هەزار كەسی دیكە بەوهۆیەوە ئاوارە ببن.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، بەر لە دەستپێكردنی شەڕ نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكاری پێشكەش بە 3 ملیۆن كەس كردووە لە رۆژهەڵاتی ئۆكرانیا، ئاگاداری وڵاتان دەكەنەوە كە لە رۆژانی داهاتوودا هاوكاری بۆ خەڵكی ئۆكرانیا كۆدەكەنەوە و هیواخوازن بەشێكی گەورەی هاوكاریەكان بەشێوەی پارەی كاش بن، تاوەكو دواتر بەئاسانی لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بگەیەنرێتە ئەوانەی پێویستیانە.
