
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق پێی وایە، لەبەر ئەوەی كە هەڵبژاردن تێیدا بەڕێوە دەچێت، گەڕانەوە بۆ دیكتاتۆریەت و دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە عیراق ئەگەرێكی دوورە.
عادل عەبدولمەهدی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، تارمایی دیكتاتۆریەتی سەدامی و شەڕی ناوخۆیی ئەگەرێكی دوورە، وڵات هەندێك لە باڵانسی بۆ دەگەڕێتەوە بە شێوەیەك لە شێوەكان، چونكە هەڵبژاردن تێیدا بەڕیوە دەچێت و جۆرێك لە ئازادی هەیە.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەروەها دەسەڵاتی دادوەریی و یاسا جۆرێك لە ئازادی هەیە، حزبەكان ركابەری دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت و گروپەكان چالاكن و هاوڵاتیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئازادی رادەربڕینیان هەیە.
سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراق لە بەشێكی تری نووسینەكەیدا رونیكردووەتەوە، ئەوەش واتای ئەوە نییە كە هەڵبژاردنەكان بە تەواوەتی پاكن و دادگا كەلێنی تێدا نییە و دەستوەردانی تێدا ناكرێت و بارودۆخی حزبەكان بە تەواوەتی باشن، یاخود ئاڕاستەكردنی راگەیاندنەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە تەواوەتی ئیجابین.
