
بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا جەخت لەوە دەكاتەوە، هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی ناسراو بە “ناتۆ” سەربازی نەناردووەتەوە ئۆكرانیا بۆ روبەڕوبونەوەی روسیا و بەشداری شەڕ ناكات.
بۆریس جۆنسۆن لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی “نیویۆرك تایمز” بڵاوكراوەتەوە وتویەتی، شەڕی ئۆكرانیا و روسیا شەڕ نییە لەگەڵ ناتۆ و بەو شێوەیەش نابێت.
سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دڵنیایشی داوە لەوەی، هیچ ئەندامێكی ناتۆ هێزی شەڕكەری نەناردووەتە ئۆكرانیا و هیچ دوژمنكارییەكیان بەرامبەر گەلی روسیا نییە، نایانەوێت خەنجەر لە نەتەوەیەكی مەزن و هێزێكی جیهانی مەزن بدەن.
ماوەی 11 رۆژە هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا بەردەوامە و بەهۆیەوە سەدان كەس گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی 2 ملیۆن كەس ئاوارەی دەرەوەی ئەو وڵاتە بوون.