
فەرحان حەق جێگری وتەبێژی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند، سكرتێری گشتی زۆر نیگەرانە لە هێرشە موشەكییەكەی سەر هەولێر، لەكاتێكدا عیراق بە كاتێكی هەستیاردا تێدەپەرێت.
فەرحان حەق لە وتەیەكدا لە بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لە نیویۆرك ئاماژەی بەوەدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان زۆر نیگەرانە لە هێرشە موشەكییەكەی سەر هەولێر.
باسی لەوەش كردووە، هێرشەكە لەكاتێكدایە كە عیراق بە كاتێكی زۆر هەستیاردا تێدەپەرێت بەرەو ئاشتی و سەقامگیریی هەنگاو دەنێت، داواش لە هەموان دەكات دان بە خۆیاندا بگرن و رێگە لە زیادبوونی گرژییەكان بگرن.
جێگری وتەبێژی نەتەوە یەكگرتووەكان وتوشیەتی، سكرتێری گشتی بە پێویستی دەزانێت هاوپەیمانەكانی عیراق پشتیوانی ئەو وڵاتە بكەن لە هەوڵەكانی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەكە، ئەویش بە رێزگرتن لە سەربەخۆیی و یەكێتی خاكەكەی.

