جارێكی دیكە گەڕان بەدوای گەنجە بێسەروشوێنبووەكانی قەزای ماوەت دەستپێدەكاتەوە و كامەران حەسەن قائیمقامی قەزاكەش دەڵێت، بەهۆی دۆخی كەشوهەوا و ساردی ئاوەكە كێشەیان بۆ دروست بووە.
رۆژی دووشەممە 21ی 3 لەكاتی وێنەگرتن لەسەر پردێكی چەمی خەمەلوكە گەنجێك كەوتە نێو ئاوەكە و دوو گەنجی دیكەش كە لەگەڵیدا بوون بەمەبەستی رزگاركردنی خۆیان هەڵداوەتە ئاوەكەوە، بەڵام لەوكاتەوە هەرسێكیان بێسەروشوێنن، ماوەی دوو رۆژە تیمەكانی بەرگری شارەستانی و فڕۆكەوانی و غەواس و مەلەوانی و خەڵكی ناوچەكە سەرقاڵی گەڕانن بەدوایانادا، هەتا ئێستا نەتوانراوە بدۆزرێنەوە.
لای خۆیەوە كامەران حەسەن قائیمقامی ماوەت لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، جارێكی دیكە دەستیان كردووەتەوە بە گەڕان بۆ دۆزینەوەیان، بەڵام شوێنەكە سەختە و ئاوەكەش زۆر ساردە و گرفتی بۆ دروست كردووە.
رونیشیكردووەتەوە، پێیان وایە گەنجەكان كیلۆمەترێك لە شوێنی رووداوەكە دوركەوتبنەوە، ئەگەر ژێر ئاو كەوتبن ئەوا ماوەی 7 رۆژیان دەوێت تاوەكو دەكەونەوە سەرئاو، تیمێكی شارەزای مەلەوانی لە تەق تەقەوە دەڵێن كە دەتوانن بیاندۆزنەوە بۆیە لەگەڵیاندا دەگەڕێن.