
سۆزان مەنسور وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عیراق ئاشكرای كرد، رۆژی شەممەی رابردوو كە بڕیار بوو سەرۆككۆمار هەڵبژێردرێت، هەزاران پەیام و نامەی هەڕەشەئامێز بۆ ئەندامانی فراكسیۆنەكەی چووە.
سۆزان مەنسور بە ئاژانسی فەرمی عیراقییەی وتووە، رۆژی شەممەی رابردوو هەزاران پەیام و نامەی هەڕەشەئامێزیان لە مۆبایلەوە بۆ چووە، هەڵمەتەكە سەرجەم ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی گرتووەتەوە، هێشتا بنبەستی سیاسی لەنێوان یەكێتی و پارتی بەردەوامە، سەرباری ئەوەی تەنها یەك رۆژ ماوە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی چوارشەممەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار.
وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی جەختی لەوەش كردووەتەوە سەپاندنی رای هیچ كەسێك بەسەریاندا قبوڵ ناكەن، بابەتەكە پەیوەندی بە كاندیدەكانەوە یاخود بونی ڤیتۆ لەسەر كاندیدەكەی یەكێتی نییە، بەڵكو پەیوەندی بەوەوە هەیە كە پارتی دەیەوێت پۆستەكە ببات، ئەگەر یەكێتی كاندیدەكەشی بگۆڕێت پارتی هەر سور دەبێت لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆككۆمار.
سەبارەت بە ئامادەبوون لە دانیشتنەكەی چوارشەمە ئاماژەی بەوەداوە، ئەگەر لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتنێك، یەكێتی بایكۆتی دانیشتنی چوارشەممە دەكات.


