
فالح خەز عەلی ئەندامی پەرلەمانی عیراق ئیدانەی بۆردومانەكانی توركیا لەناو خاكی عیراقدا دەكات و پێشی وایە، حكومەت شكستی هێناوە لە بەرپەرچدانەوەی و مافی گەلە بەرگری دژی داگیركاری توركیا بكات.
فالح خەز عەلی بڵاویكردووەتەوە، بۆردومانەكانی توركیا لەناو خاكی عیراقدا و بوونی 5 بنكەی سەربازی و 37 خاڵی سەربازی و هاتنە ناوەوەی ئەو وڵاتە لە باكوری عیراق ئاڵنگارییەكی راستەقینەیە بۆ ئەوانەی كە پڕوپاگەندەی بەرگری لە سەروەری نیشتمان دەكەن، بەڵام ئەوان بێدەنگن.
ئاماژەی بەوەشداوە، دوای ئەوەی حكومەت شكستی هێناوە لە بەرپەرچدانەوە و لە مەلەفی سەروەری، ئێستا مافی گەلی عیراقە بەرگری دژی داگیركاری توركیا بكات.
سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی تری سەربازی دژی پەكەكە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە بۆردومانی چەندین ناوچەی كردووە، بەڵام حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەروەك جارەكانی پێشوو بێدەنگیان هەڵبژاردووە و پەكەكەش پارتی دیموكراتی كوردستان بە هاوكاری كردنی توركیا تۆمەتبار دەكات.
