
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆشكی سەلام لەشاری بەغدا پێشوازیكرد لە ئیرج مەسجدی باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لە عیراق.
بەپێی راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، ئامانجی سەردانەكەی مەسجدی بەبۆنەی كۆتایی هاتنی ئەركەكانی بوە لە عیراق و لەمیانی دیدارێكدا سەرۆك كۆماری عیراق ستایشی هەوڵەكانی باڵیۆزی ئێرانی كردوە لە ماوەی كاركردنی لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستوە لەئەركەكانی داهاتویدا، هەروەها بەگرنگییەوە باسی لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و گەلەكەی دوپاتكردۆتەوە لە پێویستی بەهێزكردنی پەیوەندییەكان بۆ ئاستێكی بەرزتر لە سەرجەم بوارەكاندا، بە جۆرێك خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی هەردوولا بكات.
ئاماژە بەوەشكراوە، لای خۆیەوە باڵیۆزی ئێران پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری عیراق دووپاتكردۆتەوەو هاوكات جەختی لە پتەوكردنی پەیوەندییە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی نێوان هەردوو وڵات و گەلی دراوسێ كردۆتەوە كە پێكەوە كۆیان دەكاتەوە.


