
بەهۆی خۆپارێزییەكان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا وڵاتی سعودییە بڕیاریداوە ئەمساڵ یەك ملیۆن هاوڵاتی لە جیهانەوە فەریزەی حەج جێبەجێ بكەن و هەرێمی كوردستانیش زیاتر لە 2 هەزار هاوڵاتی بەردەكەوێت.
شێخ راغب نەقشبەندی بەڕێوەبەری گشتی حەج و عەمرەی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، وەك هەرێم پشكی بەشداری هاوڵاتیانمان هەیە لە بەجێهێنانی فەریزەی حەج، چونكە بەهۆی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا دوو ساڵ فەریزەی حەج راگیرا لە هەموو جیهانەوە و تەنها لە وڵاتی سعودییە حەج كراوە بەڵام ئەمساڵ بۆ هەموو وڵاتانی جیهانی دەرگای حەج دەكرێتەوە، بۆیە بڕیاردرا ئەمساڵ یەك ملیۆن حاجی بەشداری فەریزەی حەج بكات كە 150 هەزارییان لە وڵاتی سعودییە و 850 هەزارییان لە دەرەوەی سعودییە بێت.
رونیشیكردووەتەوە، ئەو دابەشكارییەی كە كراوە بۆ وڵاتانی جیهانی، عیراق 15 هەزار و 252 كەس سەردانی حەج دەكەن كە هەرێمی كوردستانیش 2 هەزارو 120 كەس دەچنە جێبەجێكردنی فەریزەی حەج، كە دابەشی سەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی دەكەن.
لەبارەی ناوی ئەوانەی تۆماركراوە بۆ فەیرزەی حەج شێخ نیاز وتی، ئێستا لە كوردستان 4 هەزار و 359 كەس لە ساڵی 2020 ناوی دەرچووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سعودییە مەرجی تەمەنی داوە بۆ بەشداری لە فەریزەی حەج چونكە بەپێی مەرجەكان دەبێت حاجیانی ماڵی خوا تەمەنیان لە 65 ساڵ كەمتر بێت و واتا لەدایك بووانی 1958 و بەرەو سەربن بەڵام ئەوان ناویان تۆمارە و بەهیچ جۆرێك مافیان ناخورێت.
