
زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان راگەیاند، داهاتی مانگانەی سلێمانی لە نێوان 90 بۆ 96 ملیار دینارە و ئەگەر كورتهێنانی موچەی لێ پڕبكرێتەوە بەشی خزمەتگوزاری و خەرجییەكانی دیكە ناكات.
زیاد جەبار لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا وتی، د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە پەرلەمان پێی وتوون، پارەی فرۆشتنی نەوت 100%ی تەرخان دەكرێت بۆ مووچە، ئێستا پارەی نەوت سەروو 800 ملیار دینارە و بە 200 ملیارەكەی بەغداوە كێشەی موچەی فەرمانبەران بەتەواوەتی چارەسەردەكات.
باسی لەوەش كردووە، بڕیاری ئەوەی كە لە داهاتی ناوخۆ كورتهێنانی موچە پڕ بكرێتەوە و بەشێوەیەك 43% لە داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە و 57% لە داهاتی هەولێر و دهۆك، ئەو بڕیارە زەقكردنەوەی دوو ئیداریی بوو لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، ئەگەر حكومەت دەیەوێت رێژەیەك لە داهاتی پارێزگاكان دیاری بكات، دەبێت هەر پارێزگایەك مامەڵەی سەربەخۆی لەگەڵ بكات، بەڵام كە وتت داهاتی هەولێر و دهۆك پێكەوە، ئەوە زەقكردنەوەی دوو ئیدارەییە لەلایەن یەكێتی و پارتی.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی سەبارەت بە داهاتی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا داهاتی ناوخۆی سلێمانی لە 90 بۆ 96 ملیار دینار بووە، چۆن دەكرێت لەو بڕە 75 ملیاری بۆ موچە تەرخان بكرێت و پارەی دەرمان و خۆڵ و خاشاكی لێبدرێت، پارەی خزمەتگوزاری ناوشار و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانیش لەسەر هەمان بڕە پارە بێت.

