
بەهۆی ئۆپراسیۆنێكی هێزەكانی عیراقەوە لەناوچە گوندنشینەكانی ناوچە جێناكۆكەكان، دەستبەسەر چەند چەكێكدا دەگیرێت و ئەمەش فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی نیگەران كردوە.
سۆزان مەنسور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر فراكسیۆنی یەكێتی لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردۆتەوە، هێزەكانی سوپای عیراق و فەرماندەی حەشدی دیالە، ئۆپراسیۆنێكیان لەسنوری 24 گوندی كوردنیشندا ئەنجامداوە بۆ دەستگیركردنی داواكراوان بەبێ ئەوەی یەك داواكراو بەمادەی تیرۆر یان هەرمادەیەكی دیكە هەبن، لەكاتێكدا جێگای داواكراوەكانی داعش دیارو رونە.
راشیگەیاندوە، لەو ئۆپراسیۆنەدا دەستگیراوە بەسەر چەكی دانیشتوانی گوندە كوردنشینەكاندا كە بەپێی یاسا رێگادراوە گوندنشین چەكی هەبێت بۆ پارێزگاریكردن لەخۆی و ماڵاتی، بۆیە رایدەگەیەنین بەدواداچونی ورد بۆ ئەو بابەتە دەكەین و بێدەنگ نابین، دەبێت چەكەكان بدرێنەوە دەستی خاوەنەكانیان، چونكە ئەم داماڵینی چەكە لە گوندە كوردیەكاندا لە كاتێكدایە چەكدارانی داعش لەناوچەكدا سەریان هەڵداوەتەوە بۆیە ئەمە بەپیلانێك دژی كورد تەماشا دەكەین، بۆ ئەوەی كوردانی ئەو ناوچانە گورگان خوارد بكرێن.
ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران عیراق ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەگەر هێرش بكرێتە سەر دانیشتوانی ئەو گوندانە بەدەردی دانیشتوانی هەر 34 گوندە چۆڵكراوەكەی سنوری خانەقین ببرێن و ببنەوە قوربانی، فەرماندەی ئەو هێزانە لێی بەرپرسیارن و سكاڵای یاسایان لەسەر تۆمار دەكەین لە دادگای سەربازی.
