
هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری (كەجەكە) پارتی دیموكراتی كوردستان بە هاوكاریكردنی توركیا لە هێرشەكاندا تۆمەتبار دەكات و رایدەگەیەنێت، ئەگەر دەوڵەتی توركیا سەربكەوێت شتێك بەناوی باشوری كوردستانەوە نامێنێت.
جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاندوە، ماوەیەكی زۆرە پیلان بەسەر بزوتنەوەكەمان و گەلەكەماندا دەسەپێنرێت و دەیانەوێت ئێستا ئەم پیلانگێڕییە لە باشووری كوردستان بگەیەننە ئامانج، ئامانجی پیلانگێڕییەكەش بێ كاریگەركردنی پارتی و لەناوبردنی تەواوەتی گەلی كوردە، بەگوێرەی ئەو پیلانگێڕییەش لە زاپ و ئاڤاشین دەستیان بە هێرشێكی نوێ كرد، ئەو هێرشەش تەنها دژی بزوتنەوەی ئێمە نییە لەهەمانكاتدا دژی گەلی كوردو هەموو مرۆڤایەتییە، دەیانەوێت ئەوانەی بۆ ئازادیی و دیموكراسی تێدەكۆشن لەناویان ببەن.
لە بەشێكی تردا بایك پارتی تۆمەتبار دەكات بە هاوكاریكردنی توركیاو رایگەیاندوە، توركیا هێرشێكی گەورەی دەستپێكردوە، پارتیش لە هەموو رویەكەوە لەمشەڕەدا لەگەڵ توركیایە، ئەم شەڕە بەهاوكاریی هەردوكیان ئەنجامدەدرێت، ئەوەی لێرەدا دەردەكەوێت ئیرادەی دەوڵەی توركە نەك پەدەكە.
هاوسەرۆكی كەجەكە لەبەشێكی تردا ئاماژەی بەهێرشی حكومەتی عیراق بۆ سەر شنگال كردوەو رایگەیاندوە، ناتوانن هێرشی عیراق بۆ سەر شنگال بەجیا ببینن لەو هێرشانەی ئێستا دەكرێنە سەر زاپ و ئاڤاشین، كازمی ئەو شەڕی دەوڵەتی تورك و پەدەكەی لە زاپ و ئاڤاشین كردۆتە هەل و هەوڵیدا سودی لێ وەربگرێت، وای بیریكردەوە كە ئەگەر هێرش بكاتە سەر شنگال كەس ناتوانێت بەهانای ئێزدییەكانەوە بچێت، ئەمە مایەی شەرمە بۆ عیراق، چونكە ئێزدییەكان دژی داعش شەڕیان كردو شەرەفی عیراق و باشوری كوردستانیشیان پاراست.

