
شاندێكی باڵای سەربازی عیراق گەیشتە قەزای شنگال و بنكە سەربازییەكان بەسەردەكاتەوە.
فەریقی یەكەم عەبدولئەمیر شەممەری فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەكانی عیراق گەیشتۆتە قەزای شنگال بۆ بەسەركردنەوەی رەوشی ئەمنی شارەكە.
ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت كە هێزەكانی عیراق و چەكدارانی یەپەژە روبەڕوی یەكتری بونەوە.
پێشتریش لیوا عەبدولخالق تەڵعەت نوێنەری هەرێمی كوردستان لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق رایگەیاندبوو، ئەو هێزانەی لەوێن هۆكاری سەرەكین بۆ تێكچونی دۆخی ناوچەكەو رێگرن لەبەردەم رێكخستنەوەی یەكە ئیدارییەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شنگال، ئەو رێككەوتنەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدا كراوە یەكێك لەخاڵەكانی دەرچونی پەكەكەو هێزەكانی نزیكی ئەو و هێزە نایاساییەكانن ئەگەر تەنانەت عیراقیش بن، بۆیە ئەگەر حكومەتی عیراق بیەوێ بەندەكانی رێككەوتنەكە جێبەجێ بكات، دەبێ هێزە نایاساییەكان دەربچن ئەگەر دەرنەچن ناچاردەبێ بە زەبری هێز دەریان بكات.
