
وەزارەتی پەروەردە رێکارەکانی دەرچواندنی خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی دەخاتە رو و هاوکات کاتی دەستپێکردنی قۆناغەکانی دیکەی خوێندنیش ئاشکرادەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بڵاویکردوەتەوە، سەرجەم خوێندکارانی قۆناغی یەکەم بە دەرچو هەژماردەکرێن، بەڵام گەر دایک و باوک لەسەرەتای ساڵی داهاتو ئاستی قوتابییەکەیان بەلاوە باش نەبو دەتوانن بیگەڕێننەوە قۆناغی یەکەم، بەو مەرجەی لە بەشی یاسایی بەڵێننامە پڕبکەنەوە.
رونیشیکردوەتەوە، خوێندکارانی قۆناغی دوەم و سێیەم، خوێندکار گەر لە وانەکانی کوردی وبیرکاری دەرچو مامۆستا دەتوانێت خوێندکارەکە بە دەرچو هەژماربکات.
سەبارەت بە قۆناغەکانی چوار و پێنج و شەش، بەگوێرەی بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردە، گەر نمرەکانی لە 50کەمتر بێت بە کەوتو هەژماردەکرێت و لە خولی دوەم تاقیکردنەوە ئەنجام دەداتەوە.
هاوکات لە خولی یەکەم پێنج نمرەی بڕیار و 10نمرەی پەڕینەوە هەیە، بەڵام نمرەی پەڕینەوەکە تەنها بۆ یەک وانە بەکاردێت.
سەبارەت بە تاقیکردنەوەکانی نیشتیمانی خولی یەکەم بۆ پۆلی نوێ، بڕیارە لە رۆژی سێشەممە 10-5-2022 دەستپێبکات.
هاوکات 8-5-2022تاقیکردنەوەکانی وەرزی دوەمی قۆناغی 12دەستپێدەکەن، هەمان رۆژیش تاقیکردنەوەی کۆتایی خولی یەکەمی پۆلە ناکۆتاکان دەستپێدەکات.
سەبارەت بە پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە بڕیارە 10-5-2022 تاقیکردنەوە تیۆرییەکانی کۆتایی ساڵ دەستپێبکات.
