
بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، بارستە هەوایەكی سارد روو لە ناوچەكە دەكات و سبەینێ پێنجشەممە پلەكانی گەرما نزمبوونەوەی زیاتر بەخۆیانەوە دەبینن و رۆژی شەممەش، كاریگەری بارستە هەواكە زیاتر دەبێت و كەشێكی زستانە دروست دەبێت.
ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی بڵاویكردووەتەوە، لە ئەنجامی دەستپێكردنی كاریگەری بارستە هەوای سارد و تا ڕادەیەك شێداری دەریای ناوەراست لەسەر كەشی ناوچەكانمان رۆژی هەینی ئاسمانی هەرێم بە زۆری نیمچە هەور و ناڕوون دەبێت لەكاتەكانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە لە هەندێ ناوچەی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك و ئیدارەی ڕاپەرین بەتایبەت ناوچە شاخاویەكان ئەگەری چڕبوونەوەی هەورە بروسكە دەبێت لەگەڵ تاو تاو بارانی مامناوەندی بەخوڕ بەڕێژەی 2 تا 15 مللیمەتر.
رونیشیكردووەتەوە، لەناوچەكانی دیكەی هەرێمدا ئەگەری بارانبارین لاواز و چاوەڕوان نەكراو دەبێت، پلەكانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێژەی 2 پلەی سیلیزی دیكە نزمدەبنەوە.
ئەو كەشناسە جەختی لەوەش كردووەتەوە، رۆژی شەممە كاریگەری بارستە هەوا ساردەكە زیاتر دەبێت و كەشێكی سارد و زستانەیی ناوچە شاخاویەكان دەگرێتەوە و لەتەواوی ناوچەكەشدا كەش فێنك دەبێت لەگەڵ بارینی باران.
