
ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی بڵاویكردەوە، پلەكانی گەرما چەند پلەیەك بەرزدەبنەوە و ئەگەری تاوە باران لە ناوچە شاخاویەكانی پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر هەیە و لە چیا بەرزەكانیش ئەگەری بەفربارین دەبێت.
ئاراس جەبار لە بڵاوكراوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، سبەی یەكشەمە 8ی 5ی 2022 كاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەی روویكردووەتە ناوچەكە لاواز دەبێت و ئاسمانی هەرێم بە زۆری ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت.
رونیشیكردووەتەوە، لەناوچە شاخاویەكانی سنوری پارێزگای دهۆك و هەولێر زیاتر نیمچە هەوراوی دەبێت و لە كاتەكانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە ئەگەری تاوە باران و هەورە تریشقە دەبێت لەگەڵ بارینی بەفر لە چیا بەرزەكاندا.
ئەو كەشناسە ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئەنجامی مانەوەی كاریگەری بارستە هەوای سارد پلەكانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ شەممە بەڕێژەی 2 تاوەكو 3 پلەی سیلیزی روو لەبەرزبوونەوە دەكاتەوە و كەش بە فێنكی و لەشەودا سارد دەمێنێتەوە.
