د. دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ئاشكرای كرد، حاڵەتێكی گوماناوی تای خوێنبەربوون لە هەولێر هەیە.
د. دلۆڤان محەمەد بە میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی وتووە، نەخۆشێك لە هەولێر هەیە گومانی ئەوەی لێدەكرێت تووشی تای خوێنبەربوون بووبێت، كە منداڵێكی تەمەن دوو ساڵانە.
رونیشیكردووەتەوە، نەخۆشەكە لە نەخۆشخانەی راپەڕینە و تیمێكی پسپۆڕیان بەو نەخۆشییەوە هەیە، نموونەی خوێنی لێوەرگیراوە و بۆ دڵنیابوون نێردراوەتە تاقیگەی گشتی، هەروەها لە نەخۆشەكانی دیكە جیا كراوەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو منداڵەی گومانی لێدەكرێت هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بێت، لە ناوەڕاستی عیراقەوە هاتووەتە هەولێر، چونكە تای خوێنبەربوون لە ناوەڕاست و باشووری عیراق بڵاوبووەتەوە گومانەكە زیاتر بووە، وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ رێكارەكانیان بۆ رێگریكردن لەو ڤایرۆسە گرتووەتە بەر، بەتایبەتی جێبەجێكردنی سەربڕینی ئاژەڵان.