لوقمان وەردی پەرلەمانتاریی یەكێتی دەڵێت، لە سنوری پارتی بە چەندین شێواز و لە رێگەی كۆمپانیای جۆراوجۆر رۆژانە پارە لە كاسبكاران دەسێندرێت، هەروەها لێسەندنی سەرانە لە شوفێرانی بارهەڵگری مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران هەموو سنورێكی تێپەڕاندووە.
لوقمان وەردی بە میدیای حزبەكەی وتووە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە بڕیارێكی حزبی هەر ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران كاربكات دەبێت رۆژانە 15 هەزار دینار بدات بۆ هەر بارێك، ئەو پارەیە بەهیچ شێوەیەك ناچێتەوە خەزێنەی گشتی دەوڵەت بەڵكو دەچێتە گیرفانی لێپرسراوانی حزبی و سەربازی پارتی.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش كردووە، بۆ هەر بارێك بڕی حەوت هەزار دینار وەك دڵنیایی وەردەگیرێت، تاوەكو ئێستاش لەگەڵ ئەوەی چەندین كارەساتی هاتووچۆ رویانداوە بەڵام هیچ ئۆتۆمبێلێك قەرەبوو نەكراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەش لەمانگی پێشوو هەر شوفێرێكی بارهەڵگر بڕی 100 هەزار دیناری لێسەندراوە بەبیانووی نوێكردنەوەی گۆڕەپانی وەستانی ئۆتۆمبێل.
وەردی جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئێستا لە مەرزی حاجی ئۆمەران زیاتر لە 633 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كاردەكەن بەپێی سەپاندنی ئەم بڕیارە حزبیە لانیكەم مانگانە هەر ئۆتۆمبێلێك زیاتر لە 220 هەزار دیناری لێدەسێنرێت و سەرباری ئەوەش بۆ هەر ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری ترانزێت بڕی 50 دۆلار وەردەگیرێت، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێكی مۆدێل تازەی هاوردەكراو بڕی پەنجا دۆلار وەردەگیرێت و ئەم بڕە پارەیە مانگانە دەكاتە سەدان هەزار دۆلار و راستەوخۆ بۆ گیرفانی تایبەتی لێپرسراوانی حزبی و سەربازی پارتیە.