قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر لەگەڵ ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند کلیلی چارەسەری کێشەکانی نێوان لایەنە کوردستانییەکان لەوەدایە لایەنەکان بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندییە حیزبی و کەسییەکانەوە.
قوباد تاڵەبانی لە ھەولێر پێشوازی لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا داوایکرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق رێککەوتنێکی نیشتیمانی بکرێت، “بە جۆرێک کە رێککەوتنەکە لەسەر حیسابی ھیچ لایەنێک نەبێت و پێویستیشە ھەموو لایەنەکان ئاستی داواکارییەکانیان کەم بکەنەوە.”
لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەسەر یاسای نەوت و غازی ھەرێم، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، “دەکرێت ھەر ئەم بڕیارە بکرێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق.”
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی نێوانیان، باڵیۆزی ئەمریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی کە لە ماوەی رابردوودا رێژەی تاوان لە ھەرێمی کوردستان زیادی کردوە و ستایشی ھەوڵەکانی جێگری سەرۆک وەزیرانیشی کرد کە جدییە لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی تاوان و دەستگیرکردن و بەسزاگەیاندنی تاوانباران.
دەقی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی نێوان قوباد تاڵەبانی و ماتیۆ تولەر:
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە ھەولێر پێشوازیکرد لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پەیوەندییەکانی نیوان ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا و پرۆسەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق و چەندین پرسی دیکە تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە ١٦ی ئایاری ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو و تیایدا رۆبەرت پاڵەدینۆ کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە ھەرێمیش ئامادە بوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی ھەوڵەکانی ماتیۆ تۆلەری کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا لە عێراق رۆڵی بەرچاوی ھەبووە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا و بەردەوام ھاوکاری لایەنە عێراقییەکانی کردوە بۆ لێکنزیکردنەوەی بۆچوونەکانیان.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پڕۆسەی سیاسی عێراق و بەربەستەکانی بەردەم پێکھێنانی حکومەتی داھاتوو کرا و ھەردوولا ھاوڕابوون کە دەبێت لەڕێی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە ھەوڵی لێکنزیکردنەوەی بۆچوونی لایەنە جیاوازەکان بدرێت.
لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی داوایکرد رێککەوتنێکی نیشتمانی بکرێت بۆ چارەسەرکردنی ھەموو ئەو کێشانەی بەربەستن لەبەردەم پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بە جۆرێک کە رێککەوتنەکە لەسەر حیسابی ھیچ لایەنێک نەبێت و پێویستیشە ھەموو لایەنەکان ئاستی داواکارییەکانیان کەم بکەنەوە.
سەبارەت بە ناکۆکییەکانی ناو لایەنە کوردستانییەکانیش، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند کلیلی چارەسەری ناکۆکییەکان لەوەدایە لایەنەکان بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندییە حیزبی و کەسییەکانەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کرا سەبارەت بە نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان و لەمبارەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە دەکرێت ھەر ئەم بڕیارە بکرێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی ئەمریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی کە لە ماوەی رابردوودا رێژەی تاوان لە ھەرێمی کوردستان زیادی کردوە و ستایشی ھەوڵەکانی جێگری سەرۆک وەزیرانیشی کرد کە جدییە لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی تاوان و دەستگیرکردن و بەسزاگەیاندنی تاوانباران.