نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كردو دوای كۆبونەوە لەگەڵیاندا رایگەیاند: وەڵامدانەوەی لایەنەكان بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان زۆر باشە.
نێچیرڤان بارزانی لە لێدوانێكدا بۆ میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان وتی: ئەم سەردانەم بۆلای لایەنەكان زۆر پێخۆشبوە هەمویان تەئكید دەكەنەوە كە پێویستە یەكڕیزبین و لێكتێگەیشتن لەنێوانماندا هەبێت بۆ خێری ئەم وڵاتە كە ئەمە بەلای منەوە لە هەموو شتێك گرنگترە.
لەبارەی ئەو راگەیاندنەی كە خەڵك نائومێدە سەرۆكی هەرێم وتی: خراپی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان جێی نیگەرانی حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمیشە، ئەمە بەشێكە لەوەی دەبێت لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكومەت و پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەوە بكەین و چارەسەری بكەین.
لەبارەی ئەوەی كە بلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عیراق كە وتی قەوارەی هەرێم مەترسی لەسەر سەرۆكی هەرێم وتی: ئەوەی كە وترا بەبۆچونی من پەرۆشیە بۆئەوەی لەناو كوردو هەرێمی كوردستاندا كۆدەنگی هەبێت، دەبێت ئەو نیگەرانیە بە بایەخەوە وەربگرین نەك بلاسخارت یاخود كەسێكی تر كە وتوبێتی دەبێت كاربكەین بۆئەوەی لێكتێگەیشتن لەناو هەرێم دروستبكەین بۆئەوەی باشبێت.
لەبارەی پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتی، نێچیرڤان بارزانی وتی: ئێستا پەیوەندی یەكێتی و پارتی باشە خراپ نییە دانیشتنی زیاتریش دەكەین. لەلایەكی ترەوە دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: ئێمە كۆبونەوەی راشكاوانەمان هەبوو، چونكە دۆخی خەڵك خراپەو پەیوەندی خراپی نێوان یەكێتی و پارتی كاریگەریی خراپی لەسەر هاووڵاتیان هەبوە.
وتیشی: بە راشكاوی داوامان لەسەرۆكایەتی هەرێم كردوە بەدەم داواكانی هاووڵاتیانەوە بڕوات وەك دامەزراوەی نیشتمانی و ئەو هۆشداریدانەی دیپلۆمات و نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان دەیدات كە هەرێم لەبەردەم مەترسیدایە بەهەند وەربگرێت.