فشارەكان بۆ راگرتنی دیپۆرتكردنەوەی پەنابەرانی كورد لە بەریتانیا بەردەوامەو بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەكرێت داوای رونكردنەوە لە هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان بكرێت.
سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نوسراوێكی ئاڕاستەی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران كردوەو لە بەشێكیدا رایگەیاندوە، بەپێی بەدواداچون و ئەو زانیاریانەی پێمان گەشتوە وڵاتی بەریتانیا چەند رۆژێكە دەستیكردوە بە دەستگیركردنی ئەو هاوڵاتیانەی هەرێمی كوردستانی عیراق كە چەندین ساڵە لە بەریتانیا دەژین، بەڵام مافی پەنابەرییەتیان رەتكراوەتەوە.
ئاماژەشیكردوە، ئەو پەنابەرانە ئێستا لە دیپۆرت سەنتەری نزیك فڕۆكەخانەی شارەكانیان دەستبەسەركراون، بەشێكیان ئەگەر بەزۆر بگەڕێنرێنەوە بۆ عیراق یان هەرێمی كوردستان توشی كێشە دەبن، پێویستە گەڕاندنەوەیان بە رەزامەندی خۆیان و ئەو وڵاتە بێت كە دەگەڕێنەوە بۆی.
سۆران عومەر داواشی لە لیژنەكە كردوە داوای رونكردنەوە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق بكەن لەسەر ناردنەوەی بەزۆری ئەو پەنابەرانە كەژمارەیان زیاتر لە 50 پەنابەرەو لەباڵیۆزخانەی بەریتانیاش داوای راگرتنی ناردنەوەی بەزۆری پەنابەران بكرێت.