
زانایانی ئاینی ئیسلام ھەوڵی ھەمووانیان بە گرنگ زانی بۆ بنەبڕکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٢، سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی کرد و بەئامادەبوونی دکتۆر پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف، لەگەڵ تیمی وەزارەت و یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە خاتوو فێنک شەفیق بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان ئامادەی بوو، گفتوگۆ کرا لەبارەی ھەڵکشانی ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان و شێوازەکانی ڕووبەرووبوونەوەیان.
لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: بەداخەوە بەپێی ئامارەکان ئەو دیاردەیە لەھەرێمی کوردستاندا لەھەڵکشاندایە، بۆیە پێویستمان بە ھاوکاری ھەمووولایەکە ئێوەش کەتوێژێکی زۆر کاریگەر و گرنگی کۆمەڵگەن داواتان لێدەکەم کە ھاوکارمان بن لەرووبەرووبونەوەی ئەو دیاردەیەدا.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وتیشی: داوادەکەم مامۆستایانی ئاینی رۆڵی گرنگی خۆیان ببینن لەکەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەناو کۆمەڵدا وەک چۆن پێشتر ڕۆڵی کاریگەریان ھەبووە لەوبارەیەوە. جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە کە ھەقە بەھەموومانەوە بڵێین؛ بەسە ئیتر، ھیچ شەرەفێک لەژن کوشتندا نیە.
ھەر لەوبارەیەوە، دکتۆر عەبدوڵڵا مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان پشتیوانی پەیامەکانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد و ئاماژەی بەوەشدا کە لەئاینی ئیسلامدا بەھیچ شێوەیەک ئەوە بوونی نیە کە بە (غسل العار) ناسراوە. ئەمەش لەزۆربەی وتارەکانی مزگەوتەکاندا ئاماژەی پێدراوە، بۆ رێگری لە پەرەسەندنیشی، پێویستە ھەڵمەتێک بکەین لە دژی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان و زانایانی ئاینییش لەپاڵ راگەیاندنەکاندا رۆڵی خۆیان ببینن.