
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە جینین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، لە هەولێر لەگەڵ کەسی یەکەم و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر بەڕێوەچونی هەڵبژاردن و کەمکردنەوەی ناکۆکیی نێوان لایەنەکان، بەگوێرەی زانیارییەکانیش پارتی و یەکگرتو لە ئاستی کەسی یەکەم بەشداری کۆبونەوەکە ناکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان جینین پلاسخارت و سەرکردەی لایەنەکانی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی وەک کەسی یەکەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەشداری کۆبونەوەکە دەکات، هەروەها فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی بە نوێنەرایەتی حزبەکەیی بەشداری لەو کۆبونەوەیەدا دەکات.
پەیوەست بە نوێنەرایەتی یەکگرتوش لە کۆبونەوەکەدا، دارا سێکانیانی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتو لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری یەکگرتو بەشداری کۆبونەوەکە ناکات چونکە لەم کاتەدا بەسەردانێک لە بەغدایە و ژمارەیەک کۆبونەوە و دیداری دیکە ئەنجام دەدات، بەڵام سەڵاحەدین بابەکر، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکگرتو بەشداری کۆبونەوەکە دەکات.
ئاماژەی بەوەشكرد، یەکگرتو ئومێدی وایە کۆبونەوەی ئەمڕۆی هەولێر ببێتە سەرەتایەک بۆ دروستکردنی کارنامەیەکی کوردستانی لە بەغدا و کارکردن بە ئاڕاستەی جێگیرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان لە حکومەتی داهاتوی عێراق، هەروەها رێککەوتنی ناوماڵی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەر کۆتاییهێنان بە چەقبەستویی سیاسیی لە عێراق دەبێت کە چەندین مانگە بەردەوامی هەیە.
هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکان عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بە نوێنەرایەتی حزبەکەیی و عومەر سەید عەلییش، بەنوێنەرایەتی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی هەولێر دەکەن.
لەبارەی ئاستی بەشداری جوڵانەوەی نەوەی نوێش لەکۆبونەوەی باڵای حزبەکانی هەرێم و نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، خەندان چەندجارێک پەیوەندی بە وتەبێژی فەرمی جوڵانەوەکە و بەپرسانی نەوەی نوێ کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە، پێشر شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاندبو، کۆبونەوەکەی نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەگەڵ لایەنەکانی هەرێم بە گرنگ دەزانن و بەشداری تێدا دەکەن.
لەکۆبونەوەکەدا جگە لە باسکردن لە ناکۆکی نێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن و چۆنیەتی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم، گفتوگۆش لەسەر کەمکردنەوەی ناکۆکیی نێوان لایەنەکان دەکرێت، لەگەڵ دروستکردنی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە دۆسیەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
23ی ئهم مانگه، جینین پلاسخارت، نوێنهری سكرتێری گشتی نهتهوه یهكگرتوهكان له عێراق، لهپهیامێكدا بانگهێشتی لایهنه سیاسییهكانی ههێمی كوردستانی كرد، بۆ كۆبونهوهیهكی هاوبهشی داخراو له 26ی ئایار و رایگهیاند، “لهگهڵ ئهوهی كه بڕیاره یهكی (تشرینی یهكهم/10)ی 2022 ههڵبژاردنهكان بهڕێوهبچێت، كۆبونهوه لەگەڵ لایەنەکان دهرفهتێكی پێویست دهڕهخسێنێت بۆ ئاڵوگۆڕی راستهوخۆی بیروڕاكان”.
هەروەها رۆژی 17ی ئایاری ئەمساڵ، جینین پلاسخارت لە نیویۆرک بەشداری کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد و رایگەیاند، کێشەی ناوخۆیی و نەبونی یەکدەنگی لەنێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان زیانی هەبوە و دەبێت گۆڕەپانی سیاسی بۆ هەمو لایەنەکان کراوە بێت، هەروەها “دەبێت لە هەرێمی کوردستان دابەشبونی ناوچەی سەوز و زەرد کۆتایی پێبهێنرێت”.

