بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتی سەردانی لیژنەکانی بەڕێوەچونی دیداریان کرد و لە سەردانەکەدا لە نزیکەوە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاروباری لیژنەکانیان بەسەرکردەوە کە چەند لیژنەیەکی جیاواز سەرقاڵی کارەکانیان بوون.
دوای نزیکەی ٦ مانگ لەکاری بەردەوام، دیداری یەکێتی لەژێر دروشمی “نوێبوونەوە و چاکسازی” لە سلێمانی دەستیپێکرد و لە دووەم رۆژدا کۆبوونەوەی لیژنەکانی دیداری یەکێتی بەڕێوەدەچێت.
لیژنەکان تاوتوێی راپۆرت و پێشنیاز و رەخنە و راسپاردەی کادر و لایەنگرانی یەکێتی و پسپۆڕان دەکرێت و دوای کۆکردنەوە و یەکخستن و پوختەکردنی ئەو پێشنیاز و راسپاردانە، ئاڕاستەی لیژنەی باڵای دیداری یەکێتی دەکرێت.
دیدارەکە لە لایەن ١٤ لیژنەوە پێداچوونەوە بە سەرلەبەری سیاسەتەکانی یەکێتیدا دەکات و پلان و سیاسەتی نوێی سەردەمیانە دادەڕێژرێتەوە کە بگونجێت لەگەڵ خواست و داواکارییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
بۆ یەکەم جارە لە کوردستان حزبێک بە بەشداری ھەموو کادر و ئەندامەکانی پێداچوونەوە بە سەرلەبەری سیاسەتەکانیدا دەکات و لە رێگەی لیژنەکان و پڕۆژە پێشنیازکراوەکان دوای شەن وکەوکردنیان رێکدەخرێنەوە و پێشکەش بە سەرکردایەتی دەکرێت.
ئامانجی سەرەکی لە دیداری یەکێتی، نوێبوونەوە و چاکسازییە لە نێو یەکێتیدا، بە جۆرێک کە کادیرانی یەکێتی تیایدا بەشداریی دەکەن و داواکاری و پێشنیارەکانیان دەخەنە ڕوو.