
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
یەکێتییە قارەمان و تێکۆشەرەکان
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر.
لە یادی ٤٧ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و (٤٦)هەمین ساڵەی ھەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، لە دڵەوە پیرۆزبایی ئەم یادە مەزن و رۆژە مێژووییەتان لێدەکەم.
لەم رۆژە پیرۆزەدا دروود و سڵاو بۆ رۆحی پاکی ئەو شەهیدە قارەمانانە دەنێرین کە خوێنی خۆیان کردە قوربانیی ئامانجە باڵاکانی یەکێتی کە خەبات بوو لەپێناو سەرفرازیی خەڵکی کوردستان.
سوپاس و پێزانینی زۆرمان ئاراستەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەین کە نموونەی وەفاداریی و خۆڕاگریین. رۆڵی سەرکردە قارەمان و تێكۆشەرەکانی رۆژانی خەبات لەیادناکەین و بەڕێزەوە یادیان دەکەینەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەناوی رەنجدەران و هەژارانەوە گەشەی کرد و هەر ئەوانیش بەردەوامییان بە کاروانی خەباتدا، بۆیە ئەم رۆژە مەزنە بەتایبەت لە ئەوان پیرۆز دەکەین و سەری ڕێزمان بۆ قوربانیدان و تێکۆشانیان دادەنەوێنین.
لە ساڵانی رابردوودا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە چەند قۆناغێکی سەخت و دژواردا تێپەڕی، بەڵام رۆحی بەرەنگاریی یەكێتییە دڵسۆز و قارەمانەکان بوو کە شکستی گۆڕی بۆ سەركەوتن.
بۆیە خۆمان بە قەرزار و سوپاسگوزاری ئێوە دەزانین و ئەو هەڵوێستە جوامێرانە و مێژووییەتان لەیادناکەین.
هەڤاڵانی سەربەرز، لە دوای دیداری یەکێتییەوە حزبەکەمان دەچێتە قۆناغێکی نوێی کاری سیاسییەوە.
نوێبوونەوە و چاکسازی بنەمای کارکردنمان دەبێت و داڕشتنەوەی سیاسەتێکی نوێ بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی سەقامگیر و حوکمڕانییەکی تەندروست کاری لە پێشینەمان دەبێت.
ئێمە بەڵێنمان بە خەڵکی سەربەرزی کوردستان داوە خزمەتیان بکەین و قەرەبووی ساڵانێکی پڕ لە قەیران و سەختییان بۆ بکەینەوە.
ئەمەش هاوکاری و هەماهەنگی هەموولایەکمانی پێویستە و دەبێت لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە مێژوویی و نیشتمانییەدا بین.
لەم بۆنە پیرۆزەدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە پارێزەری بنەما نەگۆڕەکانی یەکێتی دەبین کە خۆی لە پاراستنی مافی مرۆڤ، ئازادی رادەربڕین و پتەوکردنی پایەکانی دیموکراسیدا دەبینێتەوە.
جەخت لە قووڵکردنەوەی رۆحی تەبایی نێوان نەتەوە، پێکهاتە و ئاینزاکان دەکەینەوە و فرەڕەنگی کوردستانمان دەپارێزین.
گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ هێز و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەکەینە بنەمای کارکردن تاوەکو هەموومان پێکەوە بتوانین خزمەتگوزارییەکی شایستە و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەین.
لەسەر ئاستی عێراقیش دەستوور دەکەینە پێوەری کارکردنمان بۆ بەدەستهێنانی ماف و داوا رەواکانی میللەتەکەمان. لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەردەوام دەبین و رێگری لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دەکەین.
پشتیوانی گەنجە دڵسۆزەکانمان دەبین و هاوکاریان دەبین بۆ پەرەپێدان و گەشەکردنی تواناکانیان. سروشتی جوانی کوردستان و ژینگەمان لەیاد نەکردووە و دەمەوێت لێرەوە بۆ هەموولایەکی رابگەیەنم لە ئەمڕۆوە تاوەکو یادێکی تری دامەزراندنی یەکێتی، یەک ملیۆن نەمام لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەچێنین و سەوزکردنی کوردستانمان لە ئەستۆ دەگرین.
سڵاو لە رۆحی پاکی سەرکردە و رابەڕمان سەرۆک مام جەلال و دروود بۆ گیانی هەموو شەهیدانی رێگای خەبات و شکۆمەندی.
هەر شاد و سەرفرازبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١ی ٦ی ٢٠٢٢


