فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق دەڵێت، تاوەكو ئێستا ئێران هیچ بەڵگەیەكی پێشكەش نەكردووە كە لە هێرشە موشەكییەكەی مانگی 3ی سەر شاری هەولێر بنكەی مۆسادی ئیسرائیلی بە ئامانج گرتووە.
فواد حسێن لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاندووە، چوون بۆ تاران بۆ بینینی بەڵگەی حاشاهەڵنەگر لەسەر ئەوەی كە دەڵێن مۆسادی ئیسرائیلی بنكەی هەیە لە هەولێر و ئەوانیش بە ئامانجیان گرتووە، چەندین گفتوگۆ و كۆبوونەوەی دیبلۆماسی و ئەمنییان ئەنجامدا.
رونیشیكردووەتەوە، ئێرانییەكان وتیان ئەوەی لە هەولێر كرایە ئامانج بنكەی مۆساد بووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەكیان نەبوو، داوایان لە لایەنی ئێرانی كردووە هەماهەنگی زیاتریان هەبێت لەو بوارەدا و جارێكی تر ئەوەی روویدا دووبارە نەبێتەوە.
شەوی 12ی ئازاری 2022، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەند موشەكێك هێرشی كردە سەر شاری هەولێر و دواتر رایگەیاند، بنكەیەكی مۆسادی ئیسرائیلییان لەناوبردووە و دەزگا ئەمنییەكان و حكومەتی هەرێمیش بە توندی ئەوەیان رەتكردەوە.