
روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی
جێگەی داخ و نیگەرانییە کە دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەناو دادگای سلێمانی حاڵەتێکی نەخوازراو روویدا و گرتە ڤیدیۆیەکی کورت لە دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە کە چەندین تۆمەت و چەواشەکاری و ناڕاستی تێوەئاڵێنراوە..
بۆیە بۆ ھەموولایەکی روون دەکەینەوە کە دۆسیەی کوشتنی تارقی بەقاڵ لە دادگا کۆتایی ھاتووە و بکوژەکانی حوکمدراون بە لەسێدارەدان و سزاکەشیان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان پەسەند کراوە و دۆسیەکەیان رەوانەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان کراوە، وە جێبەجێی کردنی سزاکە پەیوەندی بە دادگاوە نییە و لە تایبەتمەندی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە.
ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆی دادگا پەیوەندی بە بکوژەکانەوە نەبووە، بەڵکو دادگایی کەسێک کراوە کە دوای دزینی ئوتومبیلەکەی تاوانلێکراوی کڕیوەتەوە و بەتۆمەتی (حیازە اموال مسروقە) دادگایی دەکرێت و دادگاییش لەو دۆسیەیە بەردەوامە.
ھەر ئەمڕۆ دادگایی چەندین تاوانکار و تۆمەتبار لە دادگاکانی سلێمانی بەڕێوەچووە کە زۆر لە کەیسەکەی ئەو قورستر و ترسناکتە بوون، و کەسوکاری تاوانلێکراوان بەوپەڕی رێز و شکۆوە لە دادگا و دادوەر و دەسەڵاتی دادوەرییان روانیوە و پرۆسەکە بەشێوەیەکی یاسایی رێکوپێک بەڕێوەچووە.. بەپێچەوانەی کەسوکاری تاوانلێکراوی ناوبراو کە ھەمیشە و لە ھەموو دانیشتنێکی دادگادا پشێوییان ناوەتەوە و سوکایەتی و تەشھیر و بێڕێزی زۆریان بە دادوەران و داواکاری گشتی و پۆلیس و ھەموو لایەک کردووە، بەڵام رەچاوی دڵگەرمییان و حاڵەتەکەیان کراوە و چاوپۆشییان لێکراوە، ئەمڕۆش سەرەڕای ئەوەی وەک ھەموو جارێک سوکایەتی و جنێو و تەشھیریان بە دادوەران و داواکاری گشتی و پۆلیس و پاسەوانەکان کردووە و پەلاماریان داون، بەو کەرەستانەش لەبەردەستیان بووە ئازاری پۆلیس و پاسەوان و تەنانەت پارێزەریشیان داوە کە بەڤیدیۆ کۆی رووداوەکان بەردەستە و حاڵەتەکەی ئەمڕۆش کاردانەوەی ئەو رەفتارانەی ئەوان بووە.
سەبارەت بە دەستگیردنیشیان، لەسەر سکاڵای پۆلیسەکان و بەپێی مادەی (٢٣٠)ی یاسای سزادان ھەواڵەی دادگای لێکۆڵینەوە کراون و پاشان بە کەفالەت ئازاد کراون تا رۆژی دادگایی.
ئەو حاڵەتی لێدانەش کە لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەرکەوتووە رەفتارێکی کەسییە و ئەو کەسە خۆی بەرپرسیارێتی ھەڵدەگرێت و سەرۆکایەتی دادگای تێھەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی پەسەندی ناکات و بە نەخوازراوی دەزانێت، وە ئەو کەسەی ئازار دراوە دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات و دادگا ئیجرائاتی یاسایی پێویست دەگرێتە بەر، بەڵام ناکرێت حاڵەتەکە بگشتێنرێت بەسەر ھەموو پۆلیس و پاسەوانەکانی دادگادا کە ئەرکیان پاراستنی ھێمنی و ئاسایشی ھاووڵاتیان و شکۆی دادگایە.
سەرۆکایەتی دادگای تێھەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی
٢٠٢٢/٦/١٣


