ساڵی داهاتوو پەیماننامەی لۆزان كۆتاییدێت و شیكەرەوەیەكی سیاسیش پێیوایە بۆردومانەكانی توركیا بۆ كۆنترۆڵكردنی هەرێمی كوردستانە لە داهاتوودا.
ریاز ئەلوەحیلی چاودێری سیاسی لەبارەی بۆردومانەكانی توركیا لەناوچەكانی شنگال و كەلار ئاماژەی بەوەكردوە، دەستدرێژییەكانی توركیا پێشێلكردنی سەروەریی عیراقە، گومان لەوەدا نییە كە كۆتاییهاتنی پەیماننامەی لۆزان نزیكبۆتەوە كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، توركیا چاوی بڕیوەتە باكوری عیراق و دەیەوێت لەدوای كۆتاییهاتنی ئەو پەیماننامەیە كە لەساڵی داهاتوو وادەكەیەتی كەركوك و موسڵ بخاتەوە ژێر ركێفی خۆی چونكە بەهی خۆی دەزانێت.
راشیگەیاندوە، لێدوانە فەرمییەكانی توركیا كە بیانوی بە ئامانجگرتنی پارتی كرێكارانی كوردستانە، راستییەكەی كۆنترۆڵكردنی هەژمونی خۆیەتی بۆئەوەی كۆنترۆڵی تەواوی هەرێمی كوردستان بكات لە داهاتوودا، ئەمەش لاوازی رونی حكومەتی عیراقی پێوە دیارە كە بەرپەرچی هێرشەكانی توركیا ناداتەوەو یاداشتی ناڕەزایی پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایش ناكات، یاخود رێگەیەكی تر هەڵنابژێرێت كە كاریگەریی بكاتە سەر توركیا وەك بایكۆتكردنی كەلوپەلی توركی.
پەیماننامەی لۆزان ساڵی 1923 لەنێوان توركیاو فەرەنساو بەریتانیا ئیمزا كرا بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی نوێ و دیاریكردنی سنوری نێوان وڵاتان كە لەنێویاندا عیراق و سوریای تیادایە.