دكتۆر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت، سەرچاوەی كۆلێرا تەنها ئاو و خواردنەوەیە و لەو دوو هۆكارە زیاتر نییە، ژێرخانێكی باشیان هەیە لەسەر ئەو نەخۆشیە و دەتوانن كۆنترۆڵی بكەن.
دكتۆر هێرش بە دەنگی ئەمریكای وتووە، سروشتی كۆلێرا وایە بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاو و خواردنەوەوەیە، لەو دوو هۆكارە زیاتر نییە، كۆلێرا وەكو كۆرۆنا نییە پێشینەیەكی باشیان هەیە لەسەری.
سەبارەت بە گومانەكانی ئەوان بۆ سەرچاوەی نەخۆشیەكە ئاماژەی بەوەشداوە، زیاتر گومانیان بۆ پیسبوونی سەرچاوەی ئاو دەچێت لەبەرئەوەی ئەمساڵیش تۆزێك وشكەساڵییە و خەڵك سەرچاوەی نافەرمی بەكاردەهێنێت بۆ ئاوی خواردنەوە یاخود بۆ بەكارهێنان پێشبینی دەكەن ئەمە هۆكاری سەرەكی بڵاوبوونەوەی كۆلێرا بێت.
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رونیشیكردووەتەوە، دەتوانن مامەڵە لەگەڵ كۆلێرادا بكەن و ئەوەی دەمێنێتەوە پاڵپشتی ماددی حكومەتە، بەدڵنیاییەوە ئەگەر هاوكاری بكرێن و ئەوەی كە پێویستە بتوانن دابینی بكەن حكومەتەوە بەدڵنیاییەوە دەتوانن بە شێوەیەكی زۆرباش كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكەن.