بەهۆی زیادبونی تاوانی كوشتن لەهەرێمی كوردستان، كۆمەڵەی كۆمەڵناسان و دەرونناسانی كوردستان راگەیەنراوێك بڵاودەكەنەوەو ئاڕاستەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی دەكەن.
لەبەشێكی ئەو راگەیەنراوەدا هاتوە، وەك كۆمەڵەی كۆمەڵناسان و دەرونناسان و توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەرونی رایدەگەیەنین كە هۆكاری زیادبونی كوشتن و توندوتیژی، چارەسەرنەكردنی كێشەی كۆمەڵایەتی و دەرونییەكانە كە رۆژبەڕۆژ لە زیادبوندان، هۆكاری چارەسەرنەكردنی كێشەكانیش نەبونی سەنتەری توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەرونییە لەگەڕەكەكان و دانەمەزراندنی دەرچوانی كۆمەڵناسی و دەرونناسی و كاری كۆمەڵایەتیە وەك ئەوە وایە كە نەخۆشی كۆرۆناو كۆلێرا بڵاوبۆوە نەخۆشخانەو پزیشكمان نەبێت.
راشیگەیاندوە، وەك پسپۆڕی بوارە كۆمەڵایەتی و دەرونییەكان و ئەمانەتی زانستی و پیشەیی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كۆمەڵایەتی و دەرونی و كەمكردنەوەی دیاریدەی كوشتن و توندوتیژی، داوا دەكەین لە هەمو گەڕەكێكدا سەنتەری خزمەتگوزاری درونی و كۆمەڵایەتی دابمەزرێت و ستافی بۆ دابنرێت، هەروەها لەهەموو قوتابخانەو زانكۆ و پەیمانگاكاندا توێژەری دەرونی كۆمەڵایەتی دابمەزرێنن.