كۆمپانیای هالیبێرتۆنی ئەمریكی رایگەیاند، لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان كشانەوەتەوەو پابەندی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی عیراق دەبن.
لە نامەیەكدا كە كۆمپانیای هالیبێرتۆنی ئەمریكی ئاراستەی ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عیراقی كردووەو هاتووە، خۆیان لە گرێبەستی نوێ یان بەشداریكردن لە تەندەری بەردەوامی نەوت لە هەرێمی كوردستان دووردەگرن.
پێشتر وەزارەتی نەوتی عیراق و كۆمپانیای نەوتی بەسڕە نامەیان بۆ كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان ناردووە و هۆشدارییان پێداون گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم لە ماوەی سێ مانگدا ڕابگرن، بە پێچەوانەوە مەترسی ئەوەیان لەسەرە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بخرێنە لیستی ڕەشەوە.
لە دوای ئەو نامەیەی وەزارەتی نەوتی عیراق و كۆمپانیای نەوتی بەسڕە ئەمە سێیەم گەورە كۆمپانیایە لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكشێتەوە و پێشتر هەردوو كۆمپانیای شلومبێرگەر و بیكەر هیوسی ئەمریكی كشاونەتەوە.