
كوشتنی گەنجێكی رەشپێستی ئەمریكی 25 ساڵ لە رێگەی 60 گولـلەوە لە ئەمریكا هەرا دەنێتەوە و خۆپیشاندان لە ولایەتێكی ئەو وڵاتە دەستی پێكرد.
سەرچاوەكانی هەواڵی ئەمریكا بڵاویان كردووەتەوە، گەنجەكە كە ناوی “جایلاند وۆكەر”ە و تەمەنی 25 ساڵە، دوای ئەوەی سەرپێچی هاتووچۆی كردووە هێزەكانی پۆلیس شوێنی دەكەون، 8 ئەندامی پۆلیس 90 گولـلەیان بەو گەنجەوە ناوە و رێكخراوی “ژیانی رەشپێستەكان گرنگە” بڵاویان كردووەتەوە كە 60 گولـلەی بەركەوتووە.
لای خۆیەوە پۆلیسی ولایەتی ئۆهایۆ بڵاویكردووەتەوە، بەپێی وتەی ئەندامانی پۆلیس گەنجەكە تەقەی لێكردوون و ئەوانیش كە زانیویانە ژیانیان لەمەترسیدایە وەڵامیان داوەتەوە، ئەو ئەندامانەی هێزەكانی پۆلیس كە لە رووداوەكەوە تێوەگلاون راگیراون تاوەكو ئەو كاتەی لێكۆڵینەوەكان كۆتاییان دێت، هەروەها گرتەی ڤیدیۆیی رووداوەكە بڵاودەكرێتەوە.
بەهۆی رودواوەكەوە ولایەتی ئۆهایۆ خرۆشاوە و خۆپیشاندانی توڕەیی دەستی پێكردووە، هەروەها میهرەجانی ساڵانە بەهۆی یادی نیشتمانییەوە لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانی شاری “ئاكرۆن”ەوە بەهۆی رووداوەكەوە راگیراوە.
كەسوكاری گەنجەكە باس لەوە دەكەن، جایلاند گەنجێكی لەسەرخۆ بووە و لە هیچ تاوانێكدا بەشداری نەكردووە و هیچ كێشەیەكی دروست نەكردووە لە ژیانیدا، ئەو دڕندەیەك نەبووە تاوەكو بەو شێوەیە بكوژرێت.
