
لەشاری هەولێر سەربڕینی ئاژەڵ لەناو گەڕەكەكان قەدەغە دەكرێت و لە سلێمانیش بۆ هەمان مەبەست هۆشداری دەدرێتە هاووڵاتیان.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند: بە سێ هۆكار سەربڕینی ئاژەڵیان بۆ قوربانیكردن لەناو گەڕەكەكانی شاری هەولێر قەدەغە كردوە، لەبەر وشكەساڵی و بەفیڕۆدانی ئاو و بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربون.
پارێزگاری هەولێر داواشی لە هاووڵاتیان كرد بۆ سەربڕینی ئاژەڵ و قوربانیكردن سەردانی كوشتارگەكان بكەن و رایانسپاردون كە تیمەكانیان زیاد بكەن و لە 24 كاتژمێردا 14 كاتژمێر لەهەر چوار رۆژی جەژندا خزمەتی هاووڵاتیان بكەن.
لەلایەكی ترەوە سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەكەم هاوڵاتیان هۆشیار بكەنەوە تا لە كوشتارگەكان ئاژەڵەكانیان بۆ قوربانیكردن سەرببڕن، چونكە تای خوێنبەربون مەترسییە لەسەر ژیانی هەموو لایەك و گۆشتی ئاژەڵی نەخۆش هۆكاری گواستنەوەی نەخۆشییەكەیە، ئەو هاووڵاتیەی قوربانی دەكات نابێت ببێتە هۆكاری بڵاوبونەوەی نەخۆشی، بۆیە لەبەر سەلامەتی خۆیان و هاووڵاتیان پێویستە سەردانی كوشتارگەكان بكەن.

