
هاوسەرۆكی كەجەكە رایگەیاند، سیخوڕی بۆ میت دەكرێت و شوێن و ماڵ و ئۆتۆمبێلی هاوڕێكانمان دیاری دەكەن و دەیدەن بە میت، ئەوانیش دەیانكەنە ئامانج.
جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات رایگەیاندوە، دەوڵەتی تورك هەموو رۆژێك هێرش دەكاتە سەر باكورو باشورو رۆژئاوای كوردستان، ئەوان بە ئاشكرا رایانگەیاندوە كێ بۆ ئازادیی كورد تێبكۆشێت دوژمنیانە، چونكە دەیەوێت ریشەی كوردان لە بنەوە هەڵكەنن، هەربۆیە كێ بۆ كوردان تێكۆشان بكات دەیكەنە ئامانج.
لەبەشێكی ئەو چاوپێكەوتنەدا بایك وتویەتی: توانای دەوڵەتی تورك بەتەنها ئەوەندە نییە كە بتوانێت لە كەلار ئەندامەكانیان بكەنە ئامانج ئەگەر سیخوڕیان بۆ نەكرێت و میتیان ئاگادار نەكردبێت، میت ناتوانێت بچێتە كەلارو كۆمەڵكوژییەكی وەها ئەنجامبدات.
جەمیل بایك پارتی دیموكراتی كوردستانیش تۆمەتبار دەكات بە هاوكاریكردنی توركیاو رایگەیاندوە، ئەگەر هاوكاری میت نەكرێت توركیا ناتوانێت لە هیچ شوێنێكی باشوری كوردستان و كەلار یەك هەنگاویش هەڵنێت.

