
وەزیری بەرگری توركیا ئاماری هێرشەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستانی عیراق و رۆژئاوای كوردستان بڵاوكردەوە.
خلوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا لەكۆبونەوەیەكدا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی وڵاتەكەی رایگەیاندوە، هێزەكانیان بەردەوام دەبن بۆ لێدانی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەناوخۆی وڵاتەكەیان و دەرەوەدا تا ئاسایشی سنورەكانیان دابین دەكەن، هێرشەكانیشیان لە رۆژئاوای كوردستان چڕتر دەكەنەوە بەتایبەت لەهەردوو ناوچەی منبج و تلرەفعت.
وەزیری بەرگری توركیا ئاماژەی بەوەشكردوە، لەساڵی 2015ـەوە تائێستا هێزەكانیان 35 هەزارو 268 چەكداریان كردۆتەوە ئامانج و لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە هەزارو 999 چەكداریان لە رۆژئاوای كوردستان و عیراق بەئامانج گرتوە بەتایبەت لە پرۆسەی چنگ قفڵدا 277 چەكداری پەكەكەیان پێكاوە.
پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاندبوو، هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان بەشێكن لە چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)و بەیەكچاو لێیاندەڕوانن.


