
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە هەولێر تەقە لە ماڵی حاجی مەسیفی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كرا و پاسەوانێكی برینداربووە.
لەو بارەیەوە حاجی مەسیفی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، كاتژمێر 2:05 خولەكی شەو تەقە لە ژووری خەوتنەكەی و ژووری پاسەوانەكان كرا، هاتوون ئەوەیان قۆستووەتەوە كە پاسەوانەكانی ناباتە دەرەوە و لە ژوورەوە دەمێننەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، پەیوەندی بە ئاسایش و پۆلیسەوە كردووە و پێویستە وردبینی و بەدواداچوونێكی ورد بكەن، چونكە تەقەكردن لێی جێی قبوڵ كردن نییە و چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەكەن و نایانەوێت دیزە بە دەرخۆنە بكرێت.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەگەر لێكۆڵینەوەكان ئەنجامیان نەبوو ئەوا قسەی خۆی بەرەو رووی حكومەت دەكاتەوە و دەڵێت كە ناتوانێت ئارامی و ئاسایش بۆ خەڵك و شارەكە دابین بكات، ئەو كاتە كاری حكومەت چییە.
حاجی مەسیفی ئەوەشی ئاشكرا كردووە، سكاڵای تۆمار كردووە و غەدری لێكراوە، هیچ كێشەیەكی شەخستی لەگەڵ كەس نییە و دژی كەس نەبووە و ناحەقی بەرامبەر كەس نەكردووە.

