
غەیاس سورچی كارگێڕی مەڵبەندی نەینەواوی یەكێتی دەڵێت، تاوەكو ئێستا پۆستی سەرۆك كۆمار لەنێوان حزبەكەی و پارتی یەكلایی نەكراوەتەوە و بارودۆخ بەم شێوە بەردەوام بێت، ئەوا پەرلەمان یەكلایی دەكاتەوە.
غەیاس سورچی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەداوە، سەرەڕای ئەوەی كە هەماهەنگی هەیە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوە لە نێوان یەكێتی و پارتی بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بەڵام تاوەكو ئێستا كات بۆ ئەو كۆبوونەوەیە دیاری نەكراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەماوەی رابردودا بەرپرسانی پارتی جەختیان لەوە كردووەتەوە كە لە كاندیدەكەیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پاشەكشە ناكەن، هەروەها دەشزانێت كە یەكێتیش بەهەمان شێوە پاشەكشە ناكات.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی پێشی وایە، بەپێی بارودۆخی ئێستا بابەتی سەرۆك كۆماری عیراق لەلایەن پەرلەمانەوە یەكلایی دەكرێتەوە و پەرلەمان بڕیار دەدات كێ دەبێتە سەرۆك كۆمار.

