
دوای ئەوەی تۆمارێک بڵاوکرایەوە کە دەوترێت دەنگی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە و باس لەوە دەکات ئەو باوەڕی بە سوپا و پۆلیس نیە و چەندین گروپی چەکداری بۆ پاراستنی خۆی دروستکردوە، لەسەر ئەو تۆمارە ئەمڕۆ سکاڵا لەسەر مالیکی تۆمارکرا و لە سکاڵاکەدا هاتوە “لێدوانەکەی ناوبراو هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی” .
زەینەب یاسین باقر، پارێزەرێکی عێراقییە و لە سکاڵانامەیەکدا کە ئاڕاستەی دادگا و داواکاری گشتی کردوە، باسی لەوەشکردوە، لێدوانە دەنگییەکە کە بەناوی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساوە بڵاوکراونەتەوە مەترسین لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی و دروستبونی شەڕی ناوخۆیی لە وڵاتدا.
ئەوەشی خستوەتەڕو، بۆیە داوا دەکات داواکاری گشتی لێکۆڵینەوە لەو تۆمارە دەنگییە بکات و راستییەکان بۆ رایگشتی بخاتەڕو، هەر لە ناو و ئامانجی ئەوانەی تۆمارەکەیان بڵاوکردوەتەوە، ئەگەریش تۆمارە دەنگییەکە ساختەیە ئەو لایەنە ئاشکرا بکرێت کە لەپشت بڵاوکردنەوەیەتی.
رۆژی 13ى حوزەیرانى 2022 تۆمارێکی دەنگى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە گوایە دەنگى نورى مالیکیە و لە بەشێکیدا دەڵێت، “موقتەدا سەدر دەیەوێت حکومڕانی بکات، بەڵام ئەگەر حوکمڕانی بکات هیچ ناهێڵێت؟ باشە ئەو ئێستا دەسەڵاتدار نییە؟ ئەو وەزیرانەی بە گوێ پەلکێش نەکرد و هەڕەشەی لە وەزیری دارایی کرد؟ من شارەزای رەوتی سەدرم، من دژیان جەنگام لە بەسرە و کەربەلا و بەغدا، ئەوان هەر ئەوکاتیش ترسنۆک بون.”



