
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی پرۆسەی وردبینی سەربەخۆیی کەرتی نەوت و غاز، وەک بەشێک لە دەستپێشخەری تایبەت بە شەفافیەت لە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی وەزیران، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی چارەکی یەکەمی ساڵی 2022ی تایبەت بە داتا و زانیاری نوێ لەبارەی هەناردەکردن، بەکاربردن، خەرجی و داهاتەکانی نەوت لە (1ی کانونی دوەمی 2022 تاوەکو 30ی ئاداری 2022)ـی بڵاوکردەوە و کۆمپانیای دیلۆیتی جیهانیش دوای وردبینی پشتڕاستی کردوەتەوە.
لە راپۆرتەکەی کۆمپانیای دیلۆیتدا هاتوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 39,088,710 بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە، لەو ژمارەیەش 36,453,590 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە کردوە.
ئەوەش هاتوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێک نەوتی بە 86.730 دۆلار فرۆشتوە و داهاتی نەوتیش لەو ماوەیەدا 3,028,903,497 ( سێ ملیار و بیست و هەشت ملیۆن و نۆسەد و سێ هەزار و چوار سەد و نەوەد حەوت) بەرمیل بوە.
پەیوەست بە تەرخانکردنی نەوتیش بۆ پاڵاوگەکانی ناوخۆ لە راپۆرتەکەی دیلۆیتدا باس لەوەکراوە، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 2,226,083 ملیۆن بەرمیل بۆ پاڵاوتن دابینکراوە، هەروەها 284,601 بەرمیلیش دراوە بە پاڵاوگەکان، 124,436 بەرمیلییش لەناوخۆدا فرۆشراوە.
ئەوەش خراوەتەڕو، دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرییەکانی وەک بەرهەمهێنان، حەقدەستی کۆمپانیاکان، کرێی گواستنەوە و سەرجەم خەرجییەکانی دیکە، لەو سێ مانگدا حکومەتی هەرێم 1,343,841,232 (ملیارێک و سێ سەد و چل و سێ ملیۆن و هەشت سەد و چل و یەک هەزار و دو سەد و سی و دو دۆلاری) وەک داهات بۆ ماوەتەوە.
بۆ خوێندنەوەی راپۆرتەکەی کۆمپانیای دیلۆیت کلیک لەم لینکە بکە


