
لە وڵاتی غانا ڤایرۆسێكی كوشندەی تر بەناوی “ماربۆرگ” دەركەوت و تاوەكو ئێستا دوو توشبوو تۆمار كراون و بەهۆیەوە 98 كەسی تریش كەرەنتینە كراون.
بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری تەندروستی غانا بڵاویكردووەتەوە، لەو وڵاتە 2 توشبووی ڤایرۆسی ماربۆرگ تۆمار كراون، هەروەها 98 كەسی تر كە نزیك بوون لەو دوو كەسە و تێكەڵاوییان هەبووە كەرەنتینە كراون.
لای خۆشیەوە رێكخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویكردووەتەوە، ماربۆرگ لە نەوەی ڤایرۆسی “ئیبۆلا”یە و لە گیاندارانەوە دەگوازرێتەوە و مرۆڤ تووشی تای خوێنبەربوون دەكات، رێژەی مردن بەو ڤایرۆسە 24% بۆ 88%ە و لە رێگەی دەستدان لە شلەمەنییەكانی جەستەی توشبووەوە دەگوازرێتەوە.
ماربۆرگ بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1967 دەركەوتووە و تاوەكو ئێستا 12 جار لەسەر ئاستێكی فراوان بڵاوبووەتەوە، زۆرینەشیان لە باشوری رۆژهەڵاتی ئەفریقا بووە.

